نۆیە زیوریخە تسایتونگ لیستی باشترین 100 کتێبی سەدەی 21ـی بڵاوکردەوە و “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی_ش یەکێکە لەو 100 کتێبانە.
بە گوێرەی ریزبەندییەکەی رۆژنامەی نۆیە زیورخە بۆ باشترین 100 کتێبی سەدەی 21، رۆمانی ئوستەرلیتزی تایبەت بە نووسەری ئەڵمانی، وینفرید گیۆرگ سیباڵد لە ریزبەندی یەکەمدایە.
لە ریزبەندی دووەم کتێبی “ئازادی” دێت کە لەلایەن جۆناسن فرانزێن، نووسەری ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە و لە دوای ئەویش کتێبی “کاتی دەستی دوو” دێت کە سڤێتلانە ئەلێکسیڤێچ، رۆژنامەنووسی بێلارووسی نووسراوە.
هەر لە ریزبەندییەکەی نۆیە زیوریخە تسایتونگ کتێبی “دواهەمین هەناری دونیا”ـی بەختیار عەلی ریزبەندی 80ـەمینی گرتووە.
دواهەمین هەناری دونیا، یەکێکە لە دیارترین رۆمانەکانی بەختیار عەلی و لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، بۆسەر حەوت زمانی جیاوازی بیانی وەرگێڕانی بۆ کراوە.
لەو بارەیەوە بەختیار عەلی، لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، “جێگای شانازییەکی گەورەی ئێمەیە، بڵێین دواهەمین هەناری دونیا لە ناو سەدان هەزار کتێب و دەیان هەزار نووسەری دونیادا، شوێنی خۆی لە ناو 100 باشترین کتێبی سەدەی 21دا کردۆتەوە”.