سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەل عەرەبییە ئینگلیز ڕایگەیاند، هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ ئەو پەیامانە جێبەجێ بکات کە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی ململانێکان لە جیهاندا ڕایگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەماوەی چەند ساڵی کەمی ڕابردوودا عێراق ئاسایش و ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، ئێمەش کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئارامی و ئاسایش بۆ هەموو وڵاتان و چارەسەرکردنی ئەو ململانێیانەی چەندین کەس بەهۆیانەوە دەبنە قوربانی، هەروەها زیان بە ئابووری دەگەیەنن.
دەشڵێت، پێموایە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تاوانی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامداوە، ئێمە پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین دەکەین بۆ مافی چارەی خۆنوسین، کە لە ناوچەکەدا بە ئارامی بژین، هەمووان ژمارەی ئەو منداڵ و ژن و پیاوانە دەزانن کە لەم ململانێیەدا کوژراون.
د.لەتیف ڕاشیگەیاند، کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانرێت چارەسەربکرێن ئەگەر ویستی باش هەبێت و هەمووان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە، مێژوویەکی قووڵ و فرەڕەنگییەکی گەورەی هەیە، بۆیە ناتوانین پێکەوەبژین ئەگەر کێشە و ململانێکان چارەسەرنەکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق هەمیشە وڵاتێکی دەوڵەمەند بووە و کۆنترین مێژووی هەیە لە جیهاندا، بەداخەوە لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵی ڕابردوودا گەلی عێراق لە ململانێکاندا ژیاوە، هەندێکیان ناوخۆیی و هەندێکیان دەرەکی، دووچاری چەندین جەنگ و لەشکرکێشی و داگیرکاری و گەمارۆ بووە، لەم ساڵانەی دواییشدا تیرۆر بەرۆکی گرتوە.
دەشڵێت، بابەتی تیرۆرمان لە وڵاتەکەماندا کۆتاییپێهێناوە و دەمانەوێت قۆناغێکی نوێ لە پاراستنی ئارامی و ئاسایش هەبێت بۆئەوەی گەلی عێراق پێکەوە بژین، حکومەتیش پلانێکی بۆ خزمەتگوزاری و گەشەپێدان و وەبەرهێنان داڕشتووە، هەروەها پێویستیمان بە وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی هەیە.
سەبارەت بە پەیوەندی عێراق و ئێران سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە، پەیوەندی نێوان عێراق و ئێران زۆر بەهێزە، سنوورێکی هاوبەشمان هەیە کە لانیکەم 1200 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، زۆربەی دانیشتوان پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەیە، هەروەها هەردوو وڵات پەیوەندی ئابورییان لە کەرتی وزە و گازدا هەیە، هاوکات پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو باشە، هانی وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی و سەرمایەداران دەدەین سەرمایەگوزاری لە عێراقدا بکەن.