سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بڕووک ڕۆڵێنزی سەرۆک و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی سیاسەتی یەکەمی ئەمریکای هەڵبژاردووە بۆ پۆستی وەزیری کشتوکاڵی وڵاتەکەی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە، “وەکو وەزیری دواتری کشتوکاڵمان، بڕووک سەرپەرشتی هەوڵەکان دەکات بۆ پاراستنی جووتیارانی ئەمریکایی، کە ئەوان بە ڕاستی بڕبڕەی پشتی وڵاتەکەمانن.”
بەپێی هەواڵێكی (ڕۆیتەرز) ئەگەر بڕووک لەلایەن ئەنجوومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت، ئەوا سەرکردایەتی دەزگایەکی 100,000 کەسی دەکات، کە ئۆفیسییان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەیە، سەرپەرشتی پڕۆگرامەکانی کێڵگەکان و خۆراک و دارستان و ماڵ و پێدانی قەرز بە جووتیاران دەکات، هەروەها سەرپەرشتی پارێزراویی خۆراک و گەشەی شوێنە دوورە دەستەکان و توێژینەوەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و زۆر شتی لەو بارەیەوە دەکات.
بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵی ئەمریكا لە ساڵی 2024 دا 437.2 ملیار دۆلار بووە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكردووە، “ڕۆڵێنز بە تەواوەتی پابەندە بە پشتیوانیکردن لە جووتیارانی ئەمریکایی و بەرگریکردن لە توانای ئەمریکا بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ خۆی و گەڕاندنەوەی ئەمریکاییەک کە پشت بە کشتوكاڵی خۆی ببەستێت.”
ناوەندی سیاسەتی یەکەمی ئەمریکا زیاتر بە لای ڕاستدا دەڕوات و کارمەندەکانی لە نزیکەوە لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ترەمپدا کارییان کردووە بۆ دروستکردنی سیاسەتێک بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری.
ترەمپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، ڕۆڵێنز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سیاسەتی ناوخۆی دەکرد.