سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق ئاشكرای دەكات، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری گشتیی دەستیپێكرد و دەشڵێت: پرسیاری تایبەتی لە دانیشتووان دەکرێت.
زیا عەواد کازم، سەرۆکی دەستەی ئاماری عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری گشتیی دەستیپێكرد و تا 10ی 12 بەردەوام دەبێت، هاوکات ئەو كەسانەی لەپێشتردا تۆمارنەكراون لەقۆناغی سێیەمدا تۆماردەكرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە قۆناغی سێیەمدا جگە لە تۆمارکردنی ئەوانەی ناویان نەنووسراون، پرسیاری تایبەتیش لە دانیشتووان دەکرێت، پرسیارەکانیش لە بارەی تەندروستیی و شوێنی نیشتەجێبوون و بڕوانامە و ئاستی خوێندن و خزمەتگوزاری و کار لێدەکرێت.
لە ڕۆژانی 20 و 21 و 22ی ئەم مانگەدا قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەنرا بە مەبەستی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عێراق و بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانیش كۆی گشتی خەڵكی عێراق 45 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، كە لەو ژمارەیەك نزیكەی 8 ملیۆن كەسی خەڵكی هەرێمی كوردستانن.