هاتووچۆی هەولێر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتای لە سەرجەم شەقامەکان و هاتووچۆی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بواری بیناسازی و کشتوکاڵی لە دوو شەقامی خێرادا قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێڕ ڕایگەیاند، لەپێناو ڕێکخستنی شەقام و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان و نەهێشتنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا سێ بڕیاریان دەرکرد.
بە پێی بڕیارەکان هاتووچۆی پاسکیل و مۆتۆڕسکیل بە هەردوو جۆری دووتایە و سێ تایە لەسەر شەقامی خێرای ١٢٠م و ١٥٠می قەدەغەیە.
هاوکات هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کە لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکار دەهێنرێن و خێرایەکانیان لە ٨٠کم لە کتژمێرێک کەمترە لە هەردوو شەقامی ١٢٠م و ١٥٠م خێرا قەدەغەیە و دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە.
لە بڕیاری سێیەمیشدا بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەسەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر قەدەغەکرا.
هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەم بڕیارانە بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دەست بەسەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێت.