بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕایگەیاند، لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا، هەزار حاڵەتی شێرپەنجە زیادیکردووە.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: زایادبوونی ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە بەردەوام و جیهانییە، لە ساڵی 2019دا دوو هەزار و 675 حاڵەت هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2023 سێ هەزار و 285 حاڵەت هەبووە واتە لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا هەزار حاڵەت زیادیکردووە.
یاد نەقشبەندی، باسی لەوەشکرد: زیادبوونی ئامارەکان مانای ئەوە نییە هاووڵاتییان هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکەن، بەڵکو دەبێت لە ئاستی باڵا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە بکەن.
لەبارەی چاندنی مۆخەوە، د. یاد نەقشبەندی وتی، “لە ساڵی 2016ەوە تا ئێستا کۆی گشتیی ئەو نەخۆشانەی چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجامدراوە 406 کەسن، 85 نەخۆشی تووشبووی تالاسیمیاش چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجامدراوە، لەو ژمارەیە نزیکەی 40%ی خەڵکی سلێمانی بوون و نزیکەی 60%ی نەخۆشانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق بووە، واتە سەنتەری چاندنی مۆخ لە سلێمانی توانیویەتی خزمەتی هاوڵاتییانی سەرجەم هەرێمی کوردستان و عێراقیش بکات”.