زاوایەکی سەدام حسێن بانگەشەی ئەوە دەکات عەلی حەسەن مەجید بە “ناهەق” پاشناوی کیمیاوی خراوەتە پاڵ و سەدام حسێن لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە نزار خەزرەجی سەرزەنشت کردووە.
جەمال مستەفا سوڵتان، زاوا و سکرتێری دووەمی تایبەتی سەدام حسێن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، باس لە سەردەمی حکومڕانی و ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەکات.
سوڵتان پێیوایە بە ناهەق پاشناوی “کیمیاوی” خراوەتە پاڵ عەلی حەسەن مەجید کە تاوانباری سەرەکی کیمیاوبارانکردنی شاری هەڵەبجەیە بە چەکی کیمیاوی و ڕاشیدەگەیەنێت: “لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا سەدام حسێن سەرزەنشتی نزار خەزرەجی کرد بە هۆی ئەوەی لە هەڵەبجە کردی بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی”.
جەمال مستەفا سوڵتان ساڵی 1964 لە شاری تکریت لەدایکبووە و یەکێک بووە لە متماتەنەپێکراوەکانی سەدام، هەر بەو هۆیەوەشەوە بووەتە سکرتێری دووەمی و لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا بەشداری کردووە.
سوڵتان لە 21ی نیسانی 2003دەستگیرکراو و ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 2021 ئازادکرا.
زاواکەی سەدام پاش ئازادکردنی لە بەغداوە چووەتە هەولێر و چاوی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە و دواتریش چووەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و لەوێ لەگەڵ حەلای هاوسەری و ساجیدی خێزانی سەدامدا دەژی.
بڕیارە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەکانی داهاتوویدا چاوپێکەوتنەکە بە چەند بەشێک بڵاوبکاتەوە.