مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە، جێگیركردنی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا پێویستی بە “هەوڵی دیپلۆماسییە”.
ساڵح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”پێوەندەكانی پابەندكردنی نێودەوڵەتی لە داواكارییەكانی دراوی بیانی بۆ بانكە ئەهلییەكان و بازرگانەكان لەڕێی دەلاقەی بانكی ناوەندی عیراقی، بووە مایەی كەمكردنەوەی فرۆشتنی دراو لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەمەش هۆكارى زیاتربوونی داواكاریی كاتييە لەسەر دراوی بیانی كە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پرسی بەرزكردنەوەی نرخی خەرج لە بازاڕەكانی ناوخۆ”.
بە وتەی ئەو ڕاوێژكارەی سودانی:”پرسی كۆنترۆڵكردنی نرخی خەرجی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، پێویستی بە هەوڵی دیپلۆماسییە لەپێناو نەرمكردنی پێوەندە نێودەوڵەتییەكان، بە تایبەت كە ڕێكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی هەیە لەنێوان عیراق و ويلایەتە یەكگرتووەكان كە ناوەڕۆكەكەی خۆی لە ڕێكخستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكاندا دەبينێتەوە لەنێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەك لە بەرژەوەندی عیراق بێت”.
وێڕای بەڵێنەكانی حكومەت بۆ گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی فەرمی كە ١٤٥ هەزار دینارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك، ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریكايى ١٦٠ هەزار دیناری عیراقی تێپەڕاند.