سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆبووەوە و جەختی لە دابین كردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان كردەوە.
مەرسور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لە شاری دهۆک، پێشوازیمان لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
ڕوونیشی كردۆتەوە، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەمان تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڕابووین لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی گشتگیر، کە لە زووترین کاتدا دەستبەکار بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.
دەشڵێت: “جەختمان لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە” و هەروەها بیروڕامان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرد .