بەهۆی تەواو نەبوونی سەرژمێری و تۆمارنەكردنی بەشێكی هاووڵاتیان، بەبڕیاری دەستەی باڵای سەرژمێری قەدەغەی هاتووچۆ لەنێوان شار و قەزا و ناحییەكان بۆ ئەمڕۆش درێژكرایەوە، هاوكات لە هەرێمی كوردستان دەستپێكردنی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری 5 ڕۆژ دوادەكەوێت بەهۆی خوولی ڕاهێنانی كارمەندانەوە.
لە بەیانی ڕۆژی چوار شەممەوە قۆناغی دووەمی سەرژمێری، کە پشتڕاستکردنەوەی داتا سەرەکییەکانی دانیشتووانە دەستی پێكرد و تاوەكو 12ی شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو، قۆناغی سێیەمی سەرژمێری، کە بە قۆناغی پرسیارکردنی ورد و تۆمارکردنی زانیارییە تایبەتەکان ناسراوە و نزیكەی 70 پرسیارە، بۆ ماوەی 20 ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت.
دەستەی باڵای سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بڵاویكردەوە، پرۆسەی تۆمارکردنی خێزانەکان بۆ ماوەی ڕۆژێک درێژدەکرێتەوە و ماوەی پڕۆسەکە تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی 22ـی تشرینی دووەمی 2024 بەردەوام دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، لەدوای کاتژمێر١٢ ئەم شەوەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوخۆی شارەكان هەڵگیراوە ، بەڵام قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان شارەكان ئەمڕۆش هەینی بەردەوام دەبێت.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێریی گشتی لە عێراق رایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ لەناو پارێزگاکان کاتژمێر 12ی ئەمشەو کۆتایی هات، بەڵام قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاکان تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی تەواو کردنی کارەکانی سەرژمێریی دانیشووان.
لای خۆشیەوە، شوان جەبار، سەرپەرشتیاری پڕۆسەی سەرژمێری لە پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە، “بڕیاروایە قۆناغی سێیەم لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دوابکەوێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خولی ڕاهێنان بۆ بژمێرەکان دەکرێتەوە و دوای تەواوبوونی ڕاهێنانەکان، قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات”.
دواخستنی دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وتی، “قۆناغی سێیەمی پرۆسەکە لە ئەمڕۆوە هەینی لە پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات.”