حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆی تا 10ی کانوونی یەکەم درێژ کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن میرانی، ئەندامی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە وتی، ژوورەکە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێریی، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ تا 10ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان (ناوچەکانی ماددەی 140) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی ژووی ئۆپراسیۆنی سەرژمێری دانیشتوان لە هەرێم باسی لەوەشکرد: “لە دوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە چوارشەممە و پێنجشەممە پشتڕاست کرایەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێدەکات کە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانیان لا بێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکەنەوە”.
هێمن میرانی بۆ میدیای پارتی ئەوەشی خستەڕوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵتەوە، تا ئەو کاتەی تەواوی پرۆسەی سەرژمێریی تەواو دەبێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، قۆناغێکی دیکەی سەرژمێریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و تیمەکان بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکرا و لەو زانیاری و داتایانە دڵنیا دەبنەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمار کراون.