هێرشکردنە سەر ڕووسیا بە چەکی ڕۆژئاوا، ئۆکراین بەرەو کوێ دەبات؟



ئێستا ئۆکراین ڕێگەی پێدراوە کە مووشەکی دوورمەودای ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئامانجەکانی لەناو قوڵایی خاکی ڕووسیا، مۆسکۆش پشتڕاستی دەکاتەوە، کە مووشەکە دوورمەوداکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە خاکی وڵاتەکەی و ئۆکراین شەش دانەی ئاراستەی خاکەکەی کردووە.

 

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ ئۆکراین شەش مووشەکی “ATACMS”ی دروستکراوی ئەمریکای ئاراستەی ناوچەی برایانسکی کردووە، سوپا پێنج لەو مووشەکانەی خستۆتە خوارەوە و زیانیان بە شەشەمیش گەیاندووە.

 

جۆ بایدن، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی ئەمریکا، ڕێگەی بە ئۆکراین داوە کە مووشەکی ATACMSی ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئامانجەکان لەقووڵایی خاکی ڕووسیا، وەک کاردانەوە بەرامبەر جێگیرکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور لەناوچە سنوورییەکانی ڕووسیا.

 

لەلایەکی دیکەوە بەریتانیا و فەرەنسا چەکی دوور مەودایان بۆ ئۆکراین دابینکردووە، بەڵام تا ئێستا دژی ئامانجەکان لەناوەندی ڕووسیا بەکارنەهێنراون، لە کاتێکدا ئەڵمانیا تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە چەکی هاوشێوە بۆ ئۆکراین دابین بکات.

 

موشەکی ATACMS ئەمریکی، لەلایەن کۆمپانیای لۆکهیدمارتنی ئەمریکییەوە بەرهەم دەهێنرێت، یەکەم مۆدێلی ئەم مووشەکانە لە ساڵی ١٩٩٠ ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کرا، سوپای ئەمریکا لە ناوچەکانی عێراق و ئەفغانستان بەکاریان هێنا.

 

لەو کاتەوە چەندین جار پەرەی پێدراوە، ئەم مووشەکانە لە ئۆتۆمبێلێکی شوێنپێهەڵگرەوە یان لە ئامێری هەڵدانی مووشەکییەوە هەڵدەدرێن، و بەڕێگایەکی بازنەیی دەگەنە ئامانجەکەیان کە زۆرترین مەودای نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر دەبێت.

 

هاوکات مووشەکەکانی کروز تاورس، کە لەبەردەستی هێزەکانی ئۆکرایندان دەتوانن تەنانەت دیوارە کۆنکرێتییەکانیش ببڕن کە ئەستووری یەک مەتر بن و ئامانجەکانی دووری ٥٠٠ کیلۆمەتر لەناو ببەن، کڵاوە جەنگییەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی لەتەقەمەنی کۆکراوە پێکهاتووە و نرخی هەر مووشەکێک نزیکەی یەک ملیۆن و حەوت سەد هەزار دۆلاری ئەمریکییە.

 

بەگوێرەی گۆڤاری ئەلیکترۆنی “Warzone”، هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین بۆ یەکەمجار لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٣دا مووشەکی “ATACMS”یان بەکارهێناوە دژی پێگەکانی ڕووسیا، بەڵام لە چوارچێوەی خاکی ئۆکرایندا کە ڕووسیا داگیری کردوون.

 

ئێستا بە بڕیاری جۆ بایدن، ئۆکراین ڕێگەی پێدراوە ئەم مووشەکانە بخاتە ئامانجەکانی ناو خودی ڕووسیاشەوە – بۆ نموونە لە ناوچەی کورسک.

 

مووشەکی “ستورم شادۆ”ی بەریتانی و “سكالب”ی فەرەنسی، مووشەکی “تاورس”ی ئەڵمانی-سویدیش لەو مووشەکانەن کە ئێستا لەبەردەستی ئۆکرایندان.

 

لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەی ڕۆژئاوا بۆ دابینی مووشەکی دوورمەودا بۆ کیێڤ، مۆسکۆ ئاماژەی بەوەکردووە، کەڵک وەرگرتن لە توانا مووشەکییەکانی وڵاتان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا دەیەوێت ململانێکان پەرەپێبدات.

 

لەبەرامبەردا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە فەرمانێکدا مەرجە سنووردارەکانی بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئەتۆمی ئاسانتر کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشە بەرفراوانەکانی ئۆکراین بە یاریدەی وڵاتان.

 

ئەم هەنگاوە دوای چەند مانگێک لە هۆشداریی مۆسکۆ بۆ ڕۆژئاوا هات کە ئەگەر واشنتۆن ڕێگە بە ئۆکراین بدات مووشەکی ئەمریکی و بەریتانی و فەرەنسی بەرەو قووڵایی ڕووسیا هەڵبدات، ئەوا ڕووسیا ئەم وڵاتانە، کە ئەندامی ناتۆن بە هۆکاری ڕاستەوخۆی شەڕی ئۆکرانیا دەزانێت و کاردانەوی دەبێت.

کەشناسی: نمەباران دەبارێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت
پێت کەشناسی: نمەباران دەبارێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت
مووشەکە دوورهاوێژەکان ئاگری شەڕ بڵێسەدار دەکەن
دوات مووشەکە دوورهاوێژەکان ئاگری شەڕ بڵێسەدار دەکەن
پەیوەنیدر