پارێزگاری کەرکووک ڕایگەیاند، سەرژمێری بە بێ کێشە بەڕێوەدەچێت و هەموو ئەو کەسانەی ناسنامەی باب و باپیرانیان ساڵی 57ە دەتوانن بێنە کەرکووک خۆیان تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو کێشانەی پێشتر لە ئامێرەکانی سەرژمیریدا هەبوون چارەسەرکراون، ئێستا هیچ کێشەیەک نییە و ئیشەکان زۆر بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە دەکرێن.
جەختیشیکردەوە لەوەی تا ئێستا هیچ پێشێلکارییەک لە سەرژمێرییەکەدا تۆمارنەکراوە.
پارێزگاری کەرکووک ڕاشیگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی کە ناسنامەی باب و باپیرانیان ساڵی 1957ە، بە مافی ڕەوایان دەزانم بێن لە کەرکووک تۆمار بکرێن و ئەمڕۆش هەموو ئەو ماڵانە تۆمار دەکرێن کە لە پرۆسەی گەمارۆسازییەکەدا تۆمارنەکرابوون.
ڕێبوار تەها ئەوەشیخستەڕوو کە ئەم سەرژمێرییە بۆ پەرەپێدانی عێراقە و خەڵکی کەرکووک لە ئایندەدا لە ڕووی بودجە و بەشە کارەبا و دامەزراندن و ئەو شتانەی لە حکومەتی فیدراڵی دابین دەکرێن، سوودی لێ دەبینن.