وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند سەرژمێری بۆ دیاریکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان گرنگە و هاووڵاتییانی ناوچە دابڕێندراوەکانیش لە هەر شوێنیک بن لەوێ بژمێردەکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕؤژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئەوەی ئەمڕۆ و سبەینێ سەرژمێر دەکرێن خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچەیەن.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو هاووڵاتییانەی کە ئەمڕۆ و سبەینێ لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانن هەر لەسەر ئەوێ تۆماردەکرێن و ئەو نووسراوەشی ڕەتکردەوە کە بەناوی وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات هەر خێزانێک کە لە کاتی گەمارۆداندا تۆمارنەکرابن، ئەمڕۆ و سبەینێش لە سەرژمێرییەکەدا تۆمارناکرێن.
وەزیری پلاندانان ڕاشیگەیاند سەرژمێرییەکە دەبێتە هۆی ئەوەی چیتر یاری بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەکرێت.
ئەمڕۆ و سبەینێ سەرژمیری گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و بەو هۆیەشەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە.