جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕایدەگەیەنێت، قەدەغەی ھاتوچۆ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ جێبەجێ دەکرێت و تەنیا بازاڕی میللی دەکرێنەوە، بازاڕی گشتی داخراو دەبن، ھاتوچۆش لە نێوان شارەکان نابێت، پێویستە تەنیا بۆ کاری پێویست خەڵک لە ماڵ بێنە دەرەوە.
مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ئەمشەو کاتژمێر ١٢ی شەو قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بە ھیچ جۆرێک ھاتووچۆ لە نێوان شارەکان نامینێت و بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەردەوام دەبێت، تاوەکو تیمەکانی سەرژمێری کاری خۆیان تەواو دەکەن.
وتیشی، ” ڕێگە دراوە لەناوخۆی شار بازاڕە میللیەکان کراوە بن، بەڵام بازاڕی گشتی و مۆڵەکان داخراو دەبن، ھاووڵاتییانیش تەنیا بۆ کاری زەرور دەتوانن دەربچن دەنا پێویستە لە ماڵ بمیننەوە، بەڵام وەکو سەردەمی کەرەنتینە نابێت کە ھیچ کەسێک بۆی نەبێت بچێتە دەرەوە، چونکە نانەواخانە و بازاڕی بچووک و نەخۆشخانە و ئەو شوێنانەی زەرورن کراوە دەبن”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان داناخرێن و کراوە دەبن، بۆ ئەوەی ھاتووچۆ و کاری بازرگانی بەردەوام بێت، بەڵام ھاتووچۆ کردن لە شارێک بۆ شارێکی دیکە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
لای خۆشیەوە، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، بە مەبەستی سەرخستنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، داوا لە سەرجەم دانیشتوانی خۆشەویستی دەڤەرەکەمان دەکەین هاوکاری و هەماهەنگی تیمەکانی سەرژمێری دانیشتوان بکەن و زانیاریەکانیان بە دروستی پێ بدەن.
ڕاشیگەیاندووە، لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆدا (٢٠، ٢١ / ١١/ ٢٠٢٤) لە ماڵەکانتان بمێننەوە و پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بن و هاوکاری دام و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن لەم بارەیەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەنجامدانی ئەم پرۆسەی سەرژمێریە گرەنتی دانانی پلانی ئاوەدانی باشترو خزمەتگوزاری زیاتری سنورەکەمان دەکات، بۆیە تکامان وایە هەموو لایەک هاوکار و پشتیوان بن.