سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “سەرژمێریی ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان” و داواش لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاریی دروست بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی لەبارەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
سودانی داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێریی بکەن، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، زانیاریی دروست بدەن و گوێ لە دەنگۆ ناڕاستەکان نەگرن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: “سەرژمێری تەنها چەند ژمارەیەک نین کە کەڵەکە دەبن، بەڵکو هێڵی دابەشکەری نێوان پێشبینی و ڕاستییەکانە و ئامرازێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دیاریکردنی بڕیارە گرنگ و کاریگەرەکان”.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: “سەرژمێری پایەی گەشەپێدان و پێشکەوتن و پێشکەوتنی کارگێڕی و خزمەتگوزارییە و پەیوەندی بە بابەتەکانی پەیوەست بە باج یان بیمەی کۆمەڵایەتی نییە”.
جەختی لەوەشکردەوە “باشترین ڕێگەی سەردەمیانەمان گرتووەتە بەر بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بەشێوەیەکی ورد و زانستی و ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی خزمەت بە ئێستا و داهاتووی عێراقییەکان بکات”.
ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لەو دوو ڕۆژەدا ڕاگەیەندراوە.