وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم پێشبینی دەکات سەرەتای ساڵی داهاتوو نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. دەشڵێت، “لە قۆناغی یەکەمدا،16 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلێک نەوت خەرج دەکرێت”.
ئەمڕۆ سێشەممە، د. کەمال محەمەد، وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار و تا ئێستەش نزیکەی 20 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی عێراق گەیشتووە”.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت باسی لەوەشکرد: “لە ماوەی ڕابردوودا وەک حکومەتی هەرێم چەندان ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئیمزا کرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام خاڵێکی ناو یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوتی بە شەش دۆلار لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و هەناردەکردنەوەی نەوت”.
وەک کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت باسی لێوەکرد، هەولێر و بەغدا، لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی ناو یاسای بودجە و زیادکردنی تێچووی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بۆ نزیکەی 20.6 دۆلار ڕێککەوتوون و لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 16 دۆلار بۆ کۆمپانیاکان خەرج دەکرێت”.
لەبارەی وردەکاریی قۆناغی دووەمیش، وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لەوەکردووە: “لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ڕێککەوتووین، دوای هەموارکردنەوەی ئەو خاڵەی یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی نێودەوڵەتیی بێلایەن، وردبینی لە دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت بکات و ماوەی 60 ڕۆژ مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت ئەو بڕە ڕاستەقینە دیاری بکات.”
وەزیری بە وەکالەتی سامانە سرووشتییەکان پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ هەمواری یاساکە پەسەند بکرێت، ئامادەکارییەکان تەواو ببن و سەرەتای ساڵی داهاتوو 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو “نەوتەکە لە ڕێگەی بۆری نەوتی جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرێتەوە، چونکە عێراق دوو بۆری نەوتی ئوردن و سووریای هەیە، بەڵام کار ناکەن، ڕێککەوتن کراوە هەر لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەکردنەکە بکرێت”.