سوپای ئیسرائیل لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە ١٣ هەزار و ٥٢٢ جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی حزبوڵای لوبنانی و تەنیا لەمیانی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٠٠ هێرشی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی لوبنان، ڕاپۆرتێکی وەزارەتی ژینگەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ئامادە کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیان لە لوبنان و لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٠٠ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە ١٣ هەزار و ٥٢٢ جار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر لوبنان.
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و ٥١٦ کەس و برینداربوونی ١٤ هەزار و ٩٢٩ کەسی دیکە.
هێرشەکان ئاوارەبوونی هەزاران کەسیان لێکەوتووەتەوە و بە مەبەستی حەواندنەوەی ئاوارەکانیش هەزار و ١٧٣ ناوەند دامەزراوە کە ١٨٧ هەزار و ٩٩٢ کەسی لە خۆ گرتووە، ئەمە جگە لەوەی کە لە ٢٣ی ئەیلوول تا ١٨ی تشرینی دووەم، ٦١٠ هەزار و ٨٨٣ کەس لە لوبنانەوە ئاوارەی سووریا بوون.