وەزارەتی خوێندنی باڵا کردنەوەی زانکۆیەکی تایبەت بە پزیشکی لە سلێمانی و کۆلێزژی پزیشکی لە هەولێر ڕادەگەیەنێت.
لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لەسەر پێشنیازى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا دوو پێشنیار دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تایبەتن بە سێکتەری پزیشکی و خوێندنی پزیشکی لە سلێمانی و هەولێر.
بەپێی بڵاوکراوەکە، وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاریداوە بە ڕاسپاردنى لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەکردنى پرۆپۆزەلى کردنەوەى زانکۆیەکى تایبەتمەند بە بوارى پزیشکى لە شارى سلێمانى، بەهۆى پێویستى زۆرى ناوچەکەو هەرێمى کوردستان بە کادرى تەندروستى و پزیشکى لێهاتو بە کواڵتى بەرزى خوێندن.
لەهەمانکاتدا، ئامادەکردنى پرۆپۆزەڵى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر.
جێی باسە لە سلێمانی کۆلێژی پزیشکی لە زانکی سلێمانی هەیە و ساڵانە خوێندکارێکی زۆر هەوڵی بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و دەستخستنی کورسی لەو بەشە دەدەن، بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سلێمانی دەبێتە خاوەنی زانکۆیەکی تایبەت بە پزیشکی و دەرفەتی زیاتر بۆ وەرگرتنی خوێندکران دەرەخسێنێت.