پارێزگای کەرکوک سبەینێی کردە پشووی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکان.
ئەمڕۆ 18ـی تشرینی دووم پارێزگای کەرکوک بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێری بڕیاریدا سبەینێ 19ـی تشرینی دووەم بکاتە پشووی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکانی ئەو پارێزگایە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، سبەى سێ شەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانى کەرکوک بە خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگاکانیشەوە پشووى فەرمییە لەپێناو زەمینەسازكردن بۆ سەرکەوتنی هەوڵەکانی سەرژمێریی دانیشتووان.
لای خۆشیەوە، پارێزگاری كەربەلا بڕیاریدا، سبەینێ سێ شەممە بكرێتە پشوو لەسەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەكانی پارێزگاكەدا.
پارێزگاری کەرکوک داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی شارەکە دەکات “هاوکار و پاڵپشتی هەوڵەکانی توێژەران و بژمێرەكان بکەن بۆ کارکردن لەسەر سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان”.
هاوكات، ژمارەیەك پارێزگای دیكەی عێراق بڕیاریانداوە بۆ ڕەخساندنی هەلی بەشداری كردن لە سەرژمێری و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، سبەینێ بكەنە پشووی فەرمی.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەردوو لیژنەی باڵای ئەمنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی سەرژمێری گشتی دانیشتووانەوە ڕۆژانی (چوار شەممە و پێنج شەممە)ی ئەم هەفتەیە پشوو دەبن و قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت.