لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق تایبەت بە سەرژمێری دانیشتووان سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی خستە ئامادەباشییەوە لە پلەی (ج) و پارێزگای كەربەلا و چەند پارێزگایەكی دیكە رۆژێكی دیكەشیان كرد بە پشوو.
لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆی سەرژمێریی دانیشتووان، دۆخی ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان بەرزدەکرێتەوە بۆ پلەی (ج).
لای خۆشیەوە، پارێزگاری كەربەلا بڕیاریدا، سبەینێ سێ شەممە دەكرێتە پشوو لەسەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەكانی پارێزگاكەدا.
هاوكات، ژمارەیەك پارێزگای دیكەی عێراق بڕیاریانداوە بۆ ڕەخساندنی هەلی بەشداری كردن لە سەرژمێری و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، سبەینێ بكەنە پشووی فەرمی.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەردوو لیژنەی باڵای ئەمنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی سەرژمێری گشتی دانیشتووانەوە ڕۆژانی (چوار شەممە و پێنج شەممە)ی ئەم هەفتەیە پشوو دەبن و قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت.