لیژنەی ئامادەکاری دووەمین دیداری یەکێتی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد و بڕیادرا لە ساڵی نوێدا دووەمین دیداری یەکێتی ساز بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان کۆبووەوە.
باس لەوەشکراوە: کۆبوونەوەکە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسەندکراوی کۆنگرەی پێنجەم و راسپاردەی دواکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی سەرکی کۆبوونەوەکە باس کردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دووەمین دیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
ئەوەش هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی وەک حزبێکی چالاک و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەموو کات ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغ و ئەگەرە جیاوازەکان، ئێستاس لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەگەر و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە وەک نەریتێکی یەکێتییانە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیدارەکە دەکەین.
باس لەوەشکراوە: “دیداری ئەمجارەی یەکێتی لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی یەکێتی لەبوارە جیاجیاکاندا، و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکان؛ ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو دەکات لەپێناو باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ پێویستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”.