زیاتر لە 15 ڕۆژە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی بەغدا كراوە و تا ئێستاش وادەی هاتنی مووچەی مانگی 10 دیار نییە، هاوکات بەپێی زانیارییەکان، ناردنی مووچە دەكەوێتە دوای پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە زیاتر لە 15 رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ بەغداد، هاوکات زیاتر لە مانگێک بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ناردنی مووچەی مانگی 10 دیاری نەکراوە.
بەپێی زانیارییەكان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، گەشتی دەرەوەى وڵاتى كردوە و تا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو ناگەڕێتەوە، هەربۆیە خەرجكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم، دوادەكەوێت بۆ دوای بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ناوەڕاستی مانگی کانونى یەکەم ژمێرەى كۆتایی بودجە دادەخرێت تا ناوەڕاستی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو، هەربۆیە ناردنی مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم كێشەی بۆ دروست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان، كێشەیەكی تری بەردەم ناردنی مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەیە کە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق تەواو بوە كە 11 ترلیۆن و نیو بوە، بۆیە بۆ مووچەى ئەو دوو مانگە، پێویستى بە گواستنەوەی پارەیە لە بودجەى وەبەرهێنانەوە بۆ بودجەى بەکاربردن و ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی حكومەت و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق هەیە.