لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە وێڕای سەرەخۆشی لە کەس و کاری ئەو پۆلە شەهیدەی بەهۆی بۆمبێکی چێندراوەوە بوونە قوربانی دەڵێت” مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی ٣ی لیوای ١ی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا تەقییەوە. کە بەداخەوە عقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەیی فەوجی سێ و عقید ئەندازیار محمد رەزا کریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سووپای عێراق و ن.ظ شریف احمد محمد، لەو رووداوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەین. لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین، گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆیی شادبکات و سەبووری و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو کوردستانیان. هەروەها هیوایی زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین.
خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە هێزی پێشمهرگه لهئامادهباشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.
جمجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عێراقدا.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و، لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سووپای عێراق بەردەوام دەبێت.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤