پارێزگای سلێمانی بە نووسراوێكی فەرمی داوا لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكات پڕۆسەی بەبانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگاكە “تەوتین” دەستپێبكات.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی، كە واژۆی شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری كارگێڕی لەسەرە و ئاڕاستەی بانكی ناوەندیی عێراق كراوە، داوا لە بانكەكە دەكات بە پستبەستن بە رێكارە كارپێكراوەكان و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی دەستپێبكەن.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، “بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا تایبەت بە تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، داوا لە بانكەكەتان دەكەین، رێكارە پێوستەكانی تایبەت بەو پڕۆسەیە لە پارێزگای سلێمانی دەستپێبكەن”.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەبانكی بكرێت و راستەوخۆ لەلایەن بانكە فیدڕاڵییەكانی عێراقەوە مووچەكانیان خەرج بكرێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیكەی عێراق.
تاوەكو ئێستا گفتوگۆی ئەو پرسە لەنێوان لایەنەكاندا بەردەوامە و هێشتا پڕۆسەی بەبانكی كردن لەلایەن بانكەكانی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەستی پێ نەکردووە و حكومەتی هەرێم سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی “هەژماری من” و فراكسیۆنی یەكێتی-ش لە بەغدا واژۆی زیاتر لە 100 پەرلەمانتار و چەندین سەرۆك فراكسیۆنی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ كردووە بۆ “تەوتین”ی مووچە.