سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی گشتی داوە و بە پێویستیزانی لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەکردن بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێکهاتبوو.
دەیڤد تافوری سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانیی و پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لایخۆشیەوە مەسرور بارزانی باسی “لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پڕۆژەی ( هەژماری من ) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگيی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.