ئیسرائیل و هەنگاوی 100



ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد –  نووسەر

توێژەرانی سیاسی و شارەزایانی کاروباری ئیسرائیل، ستراتیژیی ئەو وڵاتەیان بۆ سێ قۆناغ دابەشکردووە

 یەکەم، بەردەوامیدان بە مانەوە وەک دەوڵەت.

دووەم، هەمیشە کارکردن بۆ فراوانبوونی زیاتر.

سێیەم، باڵادەستبوون لە ڕووی ئابوورییەوە.

ئێستا ئیسرائیل بەراورد بە ڕابردووی، لەم سێ ڕووەوە دیارترین وڵاتی ناوچەکەیە، نەک هەر ئەوەندەش، دەیەوێت جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا بۆ چەندان قات زیادبکات.

لەناو ستراتیژی ئیسرائیلدا، بەشێک هەیە پێیدەوترێت ‘بنیادنانی ستراتیژیی چەکی ئەتۆمی’ بانگەوازکارانی ئەم بوارە گەلێک زۆرن، بەڵام دیارترینیان ‘د.ئارنست یرجمان’ە کە پێیوایە “ئەو بۆشاییە زۆرەی لە ئاستی تەکنیکی و مامەڵەکردن، لەنێوان عەرەب و ئیسرائیلدا هەیە دەبێت بەشێوەیەک زۆر و ئەوەندە گەورە بێت، پیشانی هەموو لایەکی بدەین ئەوان 100 ساڵ لەدوای ئێمەی جوولەکەوەن”.

لەدوای ‘د.ئارنست’، یەکێکی تر لە ئەندامانی بواری ستراتیژی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل بەناوی ‘د. نوعمان’، سوود لە قسەی ئارنست وەردەگرێت و دەڵێت “دەبێت ئەو بۆشایی و جیاوازییەی لەنێوان ئیسرائیل و عەرەبدا هەیە حەوت بەرامبەر یەک بێت”.

ئەم دیدگایە نەخوێندنەوە و سفرکردنەوەی عەرەب و گەلانی دیکەی ناوچەکە نییە بە پلەی یەکەم، بەڵکو وردیی و ئیشکردنی تەواوە لەسەر ستراتیژی دوورمەودا و خەونی گەورە بۆ ئایندەی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی لە ئایندەی ناوچەکەدا.

هەر لەو بارەیەوە، ڕۆژنامەی ‘داڤار’ لە زەمەنی خۆیدا و لە ژێر کاریگەریی ئەو دوو بۆچوونەی سەرەوەدا دەنووسێت؛ پێویستە هێندە بە وریاییەوە کار بکرێت، هیچ گومانێک لەسەر بۆچوونی ئەو دوو زانایەی ستراتیژیی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل نەهێڵرێت و هەموو هەنگاوێک بنێین لەپێناوی مانەوەی خۆمان و گەورەکردنی ئیسرائیل.

ئەم کارکردنە ورد و ماوە درێژە لەپێناوی ستراتیژ و مانەوەی ئیسرائیلدا، ئەو وێنەیەی ئەمڕۆی ئیسرائیلی بەرهەمهێناوە کە بێگومان تا ئاستێکی زۆر، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچەکەدا جیاوازە، دوای نزیکەی 76 ساڵ لەو ستراتیژەی کە ئیسرائیل بۆ مانەوە و گەورەبوون و فراوانبوونی ئابوورییەکەی لە ناوچەکەدا کاری لەسەر کرد و بناغەکەی دانا، خەریکە بگەین بەو بڕوایەی بڵێین: بەڵێ ئیسرائیل ئێستا لە کۆتایی هەنگاوە 100 ساڵییەکەیدایە و 100 ساڵ و زیاتریش لە پێش وڵاتانی ناوچەکەوەیە لە رووی ژیان و پێشکەوتن و هێزەوە.

دەوڵەتێک بە ناوی ئیسرائیل، تەمەنی نەگەیشتبێت بە 100 ساڵ و لە هەندێک دەوڵەتی عەرەبی و ناوچەیی مێژووەکەی کەمتر بێت، هاوکات تا ساڵانی 1960 و 1979ش ڕێکخراوەکانی (ئاژانسی جوولەکە) و (جوینت) و (ئەرت) جوولەکەکانی جیهانی گواستبێتەوە بۆ ئیسرائیل تا وەک گەلێکی کۆ و بوونێکی سیاسی دەربکەون، کارێکی گەورەیە ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە کار لەسەر جیاوازیی (7 بەرامبەر 1) بکات و خەونێتی، یەک سەدە پێش هەموو وڵاتانی ناوچەکە بێت.

ئەوەی ئەمڕۆ ئەو دەوڵەتە بە دەستیهێناوە، بەبێ ستراتیژییەکی قووڵ و گەنجینەیەکی پڕ نهێنی وەک دەزگای مۆساد و کارکردنێکی ورد و جدیی، نەهاتۆتە بوون، بۆ هەر وڵات و گەلێکی بێ دەوڵەتیش دەبێتە ئەزموون کە شێوازی کارکردنی ئیسرائیل و مۆساد لەبەرچاو بگرن.

 

بارزانی: خوازیاری پێکهاتنی حکومەتێکی بنکەفراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن
پێت بارزانی: خوازیاری پێکهاتنی حکومەتێکی بنکەفراوانین ئەویش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن
ئومێد سەباح: کێشە لەسەر بابەتی مووچە نییە
دوات ئومێد سەباح: کێشە لەسەر بابەتی مووچە نییە
پەیوەنیدر