جەیك سولیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشمانی ئەمریكا ڕایگەیاند، لە كاتی گەشتێكیدا بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا، باس لە هەڕەشەكانی ئێران دەكات.
سولیڤان لە میانەی لێدوانێكدا بۆ پەیامنێران لە كاتی گەشتەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بۆ مەكسیك، ڕایگەیاند، حكومەتی ئەمریكا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە كە ڕێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێراندا، لە ئێستادا لە پێشینەی كارەكانیدا نییە و بەردەوامیشە لەسەر ئەو بۆچوونەی كە دیپلۆماسی ڕێگایەكی ڕاستە بۆ دڵنیابوون لەوەی كە وڵاتەكە دەستیڕانەگات بە چەكی ئەتۆمی.
ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا دەڵێت بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەرفەتی ئەوەی دەبێت لەگەڵ حكومەتی نوێی ئیسرائیل سەبارەت بەو پرسە پەیوەندی بكات.
پشتڕاستیشی كردەوە كە گەشتێك دەكات بۆ ئیسرائیل، بەڵام كاتەكەی ئاشكرانەكرد.
چەند ڕۆژی ڕابردوو بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆك وەزیرانی نوێی ئیسرائیل ڕایگەیاند دەبێت ئەمریكا و ئیسرائیل پێكەوە هەنگاوبنێن بۆ ڕێگری لە هەڕەشەكانی ئێران.