لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی هەرێم بێت و، بە جدی هەوڵی چارەسەری مووچەو بودجە بدات.
عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتارێکدا ڕایگەیاندووە: بەهۆی گۆڕانکارییە بابەتی و خۆییەکانەوە، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە، بەتایبەتی ناوچەکەی ئێمە رووبەڕووی رووداوی چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە.
ئەوەشی وتووە: “ئێمەی خەڵکی کوردستان لە دووڕیانی هات و نەهاتداین، چارەنووسمان شەتەکدراوە بەو ئاڵوگۆڕانەوە، ئەگەر خۆمان لە ئاستی لێپرسراوێتی مێژووییدا نەبین، لەوانەیە تووشی کارەساتی گەورە ببینەوە”.
عیماد ئەحمەد، لە وتارەکەیدا دەشڵێت، “پێویستە و ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە، لە ئاست ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیاندابن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست رووبەڕووی هەر پێشهاتێکی ئەرێنی و نەرێنی ببنەوە”.
دەشخوازێت: “کابینەی ئەمجارە کابینەی ئاشتبوونەوەی خەڵک و چارەسەری کێشەکانی هەرێم بێت و کابینەی نوێ بە جدیی هەوڵی چارەسەرکردنی مووچەی خەڵک و بودجەی هەرێم بدات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا، دوور لە ململانێ و بەرژەوەندیی حزبی”.