پێچەوانەی بڕیاری حكومەت، نرخی بەنزین گران بوو



لە سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین 25 بۆ 50 دینار بەرزبۆتەوە لەكاتێكدا لە مانگی 9ی ئەم ساڵدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند، “نرخی بەنزین دادەبەزێت”.

پێچەوانەی هاوكێشەی دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی و دابەزینی بەهای دۆلار، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبۆتەوە بۆ نۆرماڵ 25 دینار و بووە بە 950 دینار، بۆ موحەسەن و سوپەر 50 دینار بەجۆرێك موحەسەن بووە بە 1150 دینار و سوپەر 1300 دینار.

ئەمڕۆ شەممە 16ی تشرینی دووەمی 2024، عوسمان کەریم، پسپۆڕی ئابووری هۆکاری سەرەکی پشت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و بۆ (بغداد الیوم) دەڵێت: “هۆکاری سەرەکی پشت بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ سنووردارکردنی هاوردەکردن بۆ کۆمەڵێک کۆمپانیا، کە کاریگەریان هەیە لە هەرێمدا، هەر بۆیەش دابینکردنی سنووردار و زیادبوونی خواست هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە هۆکاری سەرەکی پشت بەرزبوونەوەی نرخەکانە، دابەزینی نرخیش پێویستی بە بڕیارێکی حکومەت هەیە، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەموو کۆمپانیاکان بدات هاوردە بکەن”.

وتیشی، “بڕیاربوو لە وەرزی زستاندا نرخەکان داببەزنەوە، چونکە بەکارهێنانی سووتەمەنی لەناو ئۆتۆمبێلدا کەمدەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی نەهاتنی گەشتیار و بەکارنەهێنانی ئامێری ساردکەرەوە”.

بەرزبوونەوەی نرخی لەناكاوی بەنزین بەم وەرزی سەرمایە لەكاتێكدا بەهۆی بەكارنەهێنانی ساردكەرەوە و نەبوونی گەشت و سەیران خواست لەسەری كەم بۆتەوە، ناڕەزایی لای هاووڵاتیان دروست كردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەوترێت: نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانی زۆر دابەزیوە و نرخی دۆلاریش شكاوە، كە دەبوو نرخی بەنزین زیاتر دابەزێت نەك گران ببێت.

لە 10ى مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێگای هاوردەكردنی بەنزین بۆ گشت كۆمپانیا و بازرگانان دەكەنەوە، كە بەپێی تایبەتمەندییەكان بەنزین هاوردە بكەن و نرخی بەنزین زیاتر دادەبەزێنن.

ئاماژەی بەوەشكردبوو، “پاش ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینی دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40-50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتر دەکرێت”.

بازرگانێكی سلێمانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
پێت بازرگانێكی سلێمانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
بۆ گەشتی ئاسمانی لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ بڕیار درا
دوات بۆ گەشتی ئاسمانی لە ڕۆژانی قەدەغەی هاتووچۆ بڕیار درا
پەیوەنیدر