پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 27 هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگاكە ئامادەن بۆ دابەشكردن بەسەر فەرمانبەراندا.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، كە 17 شارەوانییە و هەموو قەزا و ناحیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر لە خۆ دەگرێت، زیاتر لە 27 هەزار پارچە زەوی ئامادەیە بۆ دابەشكردن.”
ڕاشیگەیاندووە، “هەنگاوی زۆر باش بۆ دابەشكردنی ئەو زەویانە نراون و هەر كەسێك بە گوێرەی كارتی زانیاری لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی، لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت”.
جەختیشی كردۆتەوە، چاوەڕێ دەكرێت دوای گەیشتنی فۆڕمەكان، لە ئایندەیەكی نزیك دەست بە دابەشكردنی زەوییەكان بكرێت.