دوابەدوای نووسراوێكی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەکات لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری هاوکاری مامۆستایان بکەن.
د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و سەرۆكی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێم لە نووسراوێكدا بۆ وەزارەتی پەروەردە داوا دەكات، هاوكاری مامۆستایان بكرێت لەماوەی پڕۆسەی سەرژمێریدا لە 10ی ئەم مانگەوە تاوەكو 25ی مانگی داهاتوو هەڵسەنگاندنی مامۆستایان دوابخرێت و بە نەهاتوو و مۆڵەت بۆیان هەژمار نەكرێت.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە گشتاندنێکدا، کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی كردووە، داوا دەکات، لە رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان، رەچاوی دەوامی مامۆستایان بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ڕۆژانەدا بە تەواوی هاوکاری مامۆستایان بکرێت و رەچاوی هۆکاری نائامادەبوونیان بکرێت لە کاتی سەردانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەکی بۆ قوتابخانەکان و هەڵسەنگاندنەکان دوابخرێن تا کاتی گەڕانەوەیان بۆ دەوام.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم داواش دەکات، ڕۆژانی نائامادەبوونی ئەو مامۆستایانەی، کە لە کاری گەمارۆسازی و ژمارەدانانی سەرژمێری لە ماوەی ڕابردوودا بەشداریان کردووە، بە مۆڵەت هەژمار نەکرێت.
پرۆسەی سەرژمێریی گشتی هەرچەندە بە شێوە گشتی و فەرمییەكەی لە 20 و 21ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بەڵام تیمەكانی سەرژمێری و بژمێرەكان دەستبەكاربوون و لە هەندێك شار و ناوچە خەریكی تۆماركردنی داتاكانن و ڕۆژانی سەرژمێرییش جارێكی دیكەش پشتڕاستی داتا و زانیارییەكانیان دەكەنەوە.