وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەزامەندی دا لەسەر خەرج كردنی پارەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئاشكرای كراووە، دوای ناردنی نووسراو بۆ خەرجکردنی پارە بۆ دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ بۆ وەزارەتی دارایی، وەزارەتەکە ڕەزامەندیی دەربڕی.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بڕی ئەو پارەیەی خوێندنی باڵا داوایکردووە، 7 ملیار و 250 ملیۆن دینارە و بڕیارە 5 ملیاری بۆ دەرماڵەی خوێندکاران خەرج بکرێت و ئەوەی دیکەشی بۆ چاکسازی لە زانکۆ و بەشە نێوخۆییەکان و پاڵپشتی دارایی خوێندکاران دەبێت.
بە وتەی د. توانا نەجەف، “ئەوەی ماوەتەوە ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بدات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە”.
بەپێی ڕێنمایی پێشووتری وەزارەتی دارایی هەرێم، خوێندکارانی ناو شار مانگانە 40 هەزار دینار و دەرەوەی شاریش 60 هەزار دیناریان وەک پاڵپشتی دارایی “دەرماڵە” پێدەدرێت.