دوای دوو دەیە لە بینینی گیاندارێکی نەناسراو لە قووڵایی زریای هێمن، دواجار توێژەرانی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا ڕایانگەیاند سەرکەوتوو بوون لە ناسینەوەی ئەو گیاندارە دەریاییە و دەڵێن جۆرێکی نوێی گیانلەبەرە کە لەناو بەشی نیوەشەوی زەریای هێمن دەژیت و بە ‘نەرمەلۆکەیەکی پڕ لەنهێنی درەوشاوە’ ناوی دەبەن.
بە وتەی ئەوان ئەم گیاندارە نەرمەلۆکەیەکی دەریایی نوێیە کە قەبارەی سێوێکە و بە ناوی زانستی “Bathydevius caudactylus” ناسراوە.
زانایانی ‘پەیمانگای توێژینەوەی ئەکواریۆمی مۆنتەری بەی’ بۆ یەکەمجار لە مانگی دووی سالی 2000 لەکاتی ئەرکێکی قووڵی غەواسیدا بە بەکارهێنانی ئامێرێکی کۆنترۆڵکراو لە دوورەوە لە قووڵایی 2614 مەتری زەریای هێمندا، ئەو بوونەوەرەیان بینیوە و ناویان ناوە “نەرمەلۆکەی پڕ لەنهێنی”.
لەوکاتەوە ئەم جۆرە گیاندارە زیاتر لە 150 جار لە ئەرکە جیاوازەکانی غەواسیدا بینراوە. توێژەران بە لێکۆڵینەوە لەم گیاندارە لە تاقیگەدا بۆیان دەرکەوتووە کە مامەڵە لەگەڵ جۆرێکی نوێی نەرمەلۆکە دەکەن کە جۆرێکە لە گاسترۆپۆدی دەریایی.
پەیمانگای توێژینەوەی ئەکواریۆمی مۆنتەری بەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەم نەرمەلۆکە نوێیەی بڵاوکردەوە کە هێواش هێواش لەناو ئاوی قووڵدا دەسوڕێتەوە.
ئەم ناوچەیە کە بە قووڵایی هەزار بۆ 4 هەزار مەتر لە ژێر ئاودایە، بە “پلەی گەرمی زۆر سارد، تاریکی ڕەها و پەستانی زۆر” ناسراوە.
تیمی توێژەران دەڵێن ئەم گیاندارە دەریاییە خۆی لەگەڵ ڕاوکردن لەم قووڵاییەدا گونجاندووە. گیاندارەکە دەتوانێت بە چەمانەوەی جەستەی وەک ستوونێک لە ئاوەکەدا بەرزبێتەوە و بکەوێت و جەستەی شەفافەکەی بەکاربهێنێت بۆ شاردنەوەی خۆی لەکاتی مەترسیداردا.
هەروەها گیاندارەکە دەتوانێت ئەو گەردیلەی درەوشاوە کە لە لەشیدایە، لەکاتی مەترسیدا بەکاریبهێنێت بۆ سەرقاڵکردنی ڕاوچی و خۆی ڕزگار بکات.
ئەم نەرمەلۆکەیە دووڕەگەزن و لە کاتی هێلکەداناندا قاچەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هێلکەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بە بنی دەریاوە بلکێن.
زانایان دەڵێن، لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەم ئاژەڵە دەریاییە و گونجاوبوونی لەگەڵ ئاوی قووڵدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناوچەی نیوەشەو کە گەورەترین شوێنی سەر زەوییە و لەسەدا 70ی ئاوی هەسارەکە لەخۆدەگرێت.
سەرچاوە/AP – دەنگی ئەمریکا