ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە 13-11-2024، سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوازیرانی عێراق و شاندی یاوەری.
لەسەرەتای دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سوپاسی سەردانەكەی كردو خوازیاری ئەوەبوو كە سەرۆكوەزیرانی عێراق كاری جدی بكات بۆ چارەسەری ڕیشەیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە لەمپەرو گرفتەكانی بەردەم تەوتینی مووچە، بۆ ئەوەی مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكرێت و هاووڵاتیان لەدڵەڕاوكێی هاتن و نەهاتنی مووچە ڕزگاریان ببێت.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتوو داوای لە محەمەد شیاع سودانی كرد كە كاری جددی بۆ ڕێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەو دابینكردنی مافی هاووڵاتیانی هەڵەبجە بە گشتی و قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكات، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست خزمەت بە هاووڵاتیان و بەشارەكەش نەكراوە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد لەڕێگەری نوێنەرەكانیەوە لە بەغدا هاوكاربێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایانەی كە لە پەرلەمانی عێراق خزمەت بەهاووڵاتیانی هەرێم و عێراق دەكەن.