لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سوودانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە بارزانی کردووە و باسیان لە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم کرد، لە پێش هەمووشیانەوە هەوڵەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمەوە و گرنگیی ڕێکخستنەوەی بەجۆرێک کە چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان لە تەواوی عێراقدا بهێنێتە دی.
ڕاشیگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرایەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری سیاسیی لە هەرێم کردەوە و وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەقانگیریی بەغدا و عێراق وەسفیکرد و گرنگیی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی دووپاتکردەوە و ئامادەیی حکومەتی فیدراڵیشی بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەوبارەیەوە ڕاگەیاند.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و گرنگیی خستەنەگەڕی ئەوپەڕی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی کرا.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیش پێداگریی “داگیرکەری زایۆنی” لەسەر فراوانکردنی سنووری جەنگ کرا و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی یەکخستنی هەڵوێستەکان.
لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەریمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی کێشە و پرسەکانی تایبەت بە مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ئامادەکارییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق کرا”.
سەبارەت بە پرسی مووچە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پێویستی دوورخستنەوەی پرسی خەرجکردنی مووچەی هەرێم لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش، جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە زووترین کات و نەهێشتنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم پڕۆسەکە کرایەوە، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.