سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كۆ بوونەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو و بەهێز لە زووترین كاتدا لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت: سەرژمێری پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و بۆ مەبەستی سیاسی بەكار نەهێنرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێ شەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور، بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پاتریك دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، باڵیۆزی فەرەنسا پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی لە سەرۆكی حكوومەت كرد. هاوكات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتوو و بەهێز لە زووترین كاتدا لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكاریی و پێشهات و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكە و جیهان.
هەروەها بیروڕا لەبارەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ كرا و جەخت لە پێویستی دابینكردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوا ئامادەكارییەكانی تایبەت بە پرسی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق كرا .
سەرۆكی حكومەت دووپاتیكردەوە، كە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لە پرۆسەی سەرژمێری دەكات بۆ مەبەستی گەشەپێدان ، بەڵام سەرنج و تێبینیشی لە سەر پرۆسەكە هەیە كە پێویستە بەلاڕێدا نەبرێت و بە هیچ شێوەیەك، بۆ مەبەستی سیاسی بەكار نەهێنرێت و هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەكلاكردنەوەی پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبێت.