ئەمڕۆ 12ـی 11ـی 2024، ماوەی 90 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی سەرۆک مام جەلال، سکرتێری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک کۆماری دوو خولی عیراق و کەسایەتی دیاری سیاسی هەرێمی کوردستان و عیراق و جیهان تێدەپەڕێت.
مام جەلال، ناوی تەواوی (جەلال حوسامەدین نوروڵڵا)یە و لە 12ی 11ی ساڵی 1933 لە گوندی كلكان لە بناری چیای كۆسرەت لە سنووری شارۆچكەی كۆیە لەدایك بووە و چەندین ساڵ خەباتی خوێندكاری و پێشمەرگایەتی كردووە و سەرەڕای ئەوەی سكرتێری گشتی یەكێتی بووە، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە لە ساڵی 2003 بووە بە یەكێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی حوكم و دواتریش بە هەڵبژاردن لە ساڵی 2015 و 2010دا بووە بە سەرۆك كۆماری عێراق.
مام جەلال بەهۆی نەخۆشكەوتنی و دوای ماوەیەكی زۆر لە چارەسەری پزیشكی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، لە 3ی 11ی 2017دا لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
کورتەیەک لە ژیاننامەی سەرۆک مام جەلال
– ناوی تەواوی جەلال حوسامەدین نوروڵڵا نورییە.
– لە 12ی تشرینی دووەمی 1933 لە گوندی کەڵکان لە بناری چیای کۆسرەت سەر بە شاری کۆیە لەدایکبووە.
– لە 1946 لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی کۆمەڵەیەکی فێرکاری نھێنی دامەزراند بە ناوی ( کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە ).
– لە 1947 بوو بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کورد.
– لە 1948 لە هەڵبژاردنی گشتی خوێندکاران تاڵەبانی بە نوێنەری خوێندکارانی کۆیە هەڵبژێردرا.
– لە 1949 تاڵەبانی لە حزبدا سەرکەوت و بووە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە.
– لە شوباتی 1951 دا و لە کۆنگرەی دووەمی پارتی دیموکراتی کورد، بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی ھەڵبژێردرا.
– لە 1952 چووە کۆلیژی ماف ( حقوق ) لەبەغدا.
– لە 1954 بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.
– لە 1955 گەشتی دەرەوەی عێراقی کرد و لە فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیھانی لە وارشۆ بەشداری کرد.
– لە 1956 بەهۆی کاری سیاسییەوە ناچار بوو لە پۆلی چوارەمی مافدا خوێندن بەجێبھێڵێت.
– لە یەکەمین رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی 14 ی گەلاوێژی ساڵی 1958، سەرپەرشتی رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەری سلێمانی کرد.
– لە 1959 جارێکی تر بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتدا ئەفسەری یەدەکی کەتیبەی چوارەمی تانک بوو.
– لە 1960 بەرپرسی لقی سلێمانی و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو.
– لە 1961 بووە سەرنووسەری رۆژنامەی ( کوردستان ).
– لە ئەیلولی 1961 دا کە شۆڕش ھەڵگیرسا، بەرپرسی ناوچەی سلێمانی بوو.
– لە 1967 بەشداری لە کۆڕی ( ئیشتراکیەکانی عەرەب ) لە جەزائیر کرد.
– لە 1970 رۆڵی کاریگەری بینی لە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشتر ببوونە دوو باڵ و ناکۆکیەکی تاڵ و خوێناوی لە نێوانیاندا ھەبوو.
– لە 1ی حوزەیرانی 1975 لە دیمەشق لەگەڵ دەستەیەک لە ھەڤاڵانیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیی دامەزراند و بووە سکرتێری گشتی یەکێتیی.
– دوای ئازادکردنی عێراق بەئەندامی ئەنجوومەنی حوکم ھەڵبژێردرا و لە تشرینی دووەمی 2003دا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی کرد.
– لە 6ی نیسانی 2005، بووبە یەکەمین سەرۆکی ھەڵبژێراوی عێراق.
– لە تەمموزی 2008دا و لە 23 مین کۆنگرەی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیونالدا بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا.
– لە ساڵی 2010دا بۆ دووەم جار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.
– لە 3ی تشرینی یەکەمی 2017 دا لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.