ترەمپ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دیاریکرد



سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستنیشان دەکات کە بە هەڵوێستە توندەکانی بەرامبەر بە چین و ڕووسیا دەناسرێت.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ بەم زووانە دەستنیشان کردنی مایک واڵتز، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران وەک ڕاوێژکاری خۆی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ڕادەگەیەنێت.

پێشتر مایک واڵتز سەرباز بووە لە ھێزەکانی کۆماندۆی ئەمریکا و لە ئەفغانستان خزمەتی کردووە، ھەروەھا بەوە ناسراوە کە ھەڵویستێکی توندی بەرامبەر بە چین و ڕووسیا ھەیە.

چاوەڕوان دەکرێت، مایک واڵتز لەو کاتەی لە پوستەکەی دەست بەکار دەبێت، رۆڵێکی گرنگ لە پرسەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بگێرێت، لەوانە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا، ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و چین، ھەروەھا قەیرانەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی دیکەشەوە کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە ترەمپ، ستیڤن میلەر، ڕاوێژکاری خۆی بۆ پرسی کۆچبەران وەک جێگری بەرپرسی سیاسەتی کۆشکی سپی دەستنیشان کردووە.

ھاوکات جەیمس دەیڤد ڤانس کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ وەک جێگری خۆی دەستی نیشان کردووە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ھەوڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: “دەستنیشان کردنێکی دیکەی زۆر باشی سەرۆک (ترەمپ) پیرۆزە میلەر”.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە ستیڤن میلەر وەک گەورە بەرپرسی سیاسیەتی کۆشکی سپی خزمەت دەکات و بەشداری لە داڕشتنی سیاسەتەکان دەکات بەتایبەتی لە بواری ئاسایشی سنوور و کۆچی نایاسایی، کە لەوبارەیەوە بە کەسێکی توندڕەوە ناسراوە.

ستیڤن میلەر لە ساڵی ١٩٨٥ لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە و دووەم کوڕی خێزانێکی جوولەکەیە، ھەروەھا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە بواری پەیوەندییەکاندا لەگەڵ زۆرێک لە سیاسەتمەدارە کۆمارییەکان کاری کردووە.

ھەفتەی ڕابردوو ترەمپ بەڕێوەبەری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی، سوزی وایڵز-ی بۆ پۆستی بەرپرسی ستافی کۆشی سپی دەستنیشان کرد کە ئەوەش بە گەورەترین پۆستی کارگێریی لە کۆشکی سپی دادەنرێت.

وادەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای هەڵەبجە دیاریکرا
پێت وادەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای هەڵەبجە دیاریکرا
وەرزی پێگەیشتن و لێکردنەوەی هەنارە بەناوبانگەکەی هرۆرییە
دوات وەرزی پێگەیشتن و لێکردنەوەی هەنارە بەناوبانگەکەی هرۆرییە
پەیوەنیدر