ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە و میوانداری دوو بەڕێوەبەری شارەکە دەکات و بڕیاریش لەبارەی گۆڕینی لۆگۆی نوێی شارەکە دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆدەبێتەوە، دەربارەی گۆڕینی لۆگۆ نوێیەکەی کەرکوک و میوانداریی بەڕێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و پەروەردە دەکات بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسانەى پەیوەندارن بەو دوو کەرتە، سێیەم خاڵى کارنامەکەش، دەنگدانە لەسەر لۆگۆى نوێى شارەکە.
ئەحمەد کەرکوکى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “لۆگۆ نوێیەکە چەند شووناسێکى پارێزگاکەى تێدایە و سەرجەم پێکهاتەکان لەبەرچاو گیراون”.
باسی لەوەشکرد: “12 کڵێشە بۆ لۆگۆى کەرکووک پێشکەش کراون و دەنگ لەسەر یەکێکیان دەدرێت وەک لۆگۆى نوێى شارەکە”.
یەکێک لە لۆگۆکان زۆرترین چانسى هەیە بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت کە لەسەر نەخشەى شارەکە دروستکراوە و چوار شووناسی تێدایە، ئاگر وەک ئاماژە بۆ سامانى نەوت، قەڵاى کەرکوک، دوو گوڵە گەنم، کۆترێک کە گەڵایەک بە دەنوکییەوەیە وەک ئاماژە بۆ ئاشتى.