نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت، لیستی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیستی تەواوی مووچەخۆران دراوەتە بەغدا و دارایی عێراق وتویەتی، كە دەبوو ناویان بە جیا ڕەوانە بكرایە و دەشڵێت: لەگەڵ لیژنەی دارایی قسەمان كردووە بۆ بودجەی 2025 تاوەكو مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی.
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی کار بەڕێکەری هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 10 ی 2024 ناوی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران ناردووە بە هاوپێچی، كە دەبوایە ڕاژەی مامۆستایانی گرێبەست لە لیستی تایبەت بوایە، چونكە ئەمە یەکەم جارە ناوی مامۆستایانی گرێبەست دەنێرن بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و وەزارەتی دارایی، كە دەبوو بۆ مانگەکانی تر تێکەڵ بکردبایە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و کێشەی نەبوو .
وتیشی، “وەزارەتی دارایی عیراق بە شاندی هەرێمیان وتووە، یەکەم جارە ناوی مامۆستایانی گرێبەست بۆ وەزارەتی دارایی عیراق بنێرن، دەبوو ڕاژەیان بەجیا بوایە لەگەڵ لیستی مووچە تێکەڵ نەکرایە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەک نوێنەری دەستەی گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ دیوانی چاودێری عیراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی پەسەندی بکەن، کە مووچەی ئێمەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی خەرج بکرێت ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کار لەسەر دامەزراندن و بوون بەهەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست بکەین .
عەلی ڕەئوف وتیشی، “سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست تاوەکو 1 ی 12 ی 2024 دەبنە خاوەنی بایۆمەتری UPN ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست 37933 مامۆستای گرێبەستە، ئەمەش دەبێتە کارئاسانی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق، کە ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی مووچەی ئێمەش لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵی بنێردرێت”.
ئاشكراشی كرد، گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵی 2025 لە ماوەکانی داهاتوودا دەکرێت، وەک نوێنەرانی دەستەی گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەربارەی ئەو بابەتە قسەمان کردووە و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست دابمەزرێن بەشێوەی هەمیشەیی، بۆ ئەوەش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و وەزارەتی دارایی عیراق و چەند ئەندام پەرلەمانێکی تر لە پەیوندیداین بۆ ئەوەی شوینی مامۆستایانی گرێبەست بکرێتەوە یان موناقلەی بودجەی بۆ بکرێت لە بودجەی حاکیمە بۆ سەر مووچە”.