وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووانەوە قەدەغەی هاتووچۆ لە شەوی ١٩ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
لیژنەی باڵای سەرژمێری عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆ لە سەرتاسەری عێراق لە شەوی 19 لەسەر 20ی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلادانانی ڕایگەیاند، هیچ بڕگەیەك لە فۆڕمی سەرژمێری دانیشتووان لانەبراوە، فۆڕمی سەرژمێری دانیشتووان بە شێوەی كۆتایی پەسەند كراوە.
وتیشی، “سەرژمێری دانیشتووان تا ١٠ـی مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت و سەرجەم رێكارەكان تەواوبوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆسە گرنگە”.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی ناوخۆی عیراق ڕایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ڕۆژانی سەرژمێری لە كاتژمێر ١٢ـی شەوی ١٩ی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات، تەنها بۆ چەند حاڵەتێكی مرۆیی یاخود ئەمنیی نەبێت كەس ناتوانێت هاتووچۆ بكات.
جەختیشی كردۆتەوە، قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (20 و 21)ی مانگ بەردەوام دەبێت.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند” قەدەغەی هاتووچۆ بەمەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان سەرجەم پارێزگارەکان دەگرێتەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە”.