بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند، ئاوی شارەزوور پاکبووەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بیخۆنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شیروان جەمال، بەرێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕؤژنامەوانیدا ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکانی بۆ ئاوی شارەزوور ڕاگەیاند کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ببووە هۆی بڵاوبوونەوەی سکچوون و ڕشانەوە لە ناوچەکە.
شیروان جەمال ڕایگەیاند، ئاوی شارەزوور پاکبووەتەوە و لە ئەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن ئاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاربهێنن.
جەختیشیکردەوە کە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بە ئاوی خواردنەوەی ناوچەکەوە بووە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە هەزاران هاووڵاتی لە قەزای شارەزوور بە هۆی سکچوون و ڕشانەوەوە گەیەندرانە نەخۆشخانە و پێشتریش تیمەکانی تەندروستی ئاماژەیاندابوو بەوەی گومان لە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دەکرێت.