کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامی 28 تانەی پێشکەشکراو لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کرد و کارکردن لەسەر ئامادەکردنی وەڵامی تانەکانی دیکەش بەردەوامە.
ئەمڕۆ شەممە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، “لە کۆی ئەو 41 تانەیەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێشکەشکراون، کۆمیسیۆن وەڵامی 28 تانەی بۆ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن ناردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کارکردن لەسەر تانەکانی دیکەش بەردەوامیی هەیە و دوای ئامادەکردنی وەڵامەکانیان، رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێن”.
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەماوەی حەوت رۆژی کارکردندا، وەڵامی تانەکان ئامادە بکات و رەوانەی دەستەی دادوەرییان بکات.
دواى راگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرەکان 41 تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە گرتووە، 25ـیان لە سلێمانی، 12 تانە لە هەولێر، سێ تانە لە دهۆک و لە هەڵەبجەش تانەیەک پێشکەشکراوە.