سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: “سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاوسەنگی سیاسیی و سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت”.
لە پاش سەردانەکانی بۆ قرغیزستان و هەنگاریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەبارەت بە دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کە بە ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: “دیدارێکی دۆستانەمان لەگەڵ بەڕێز ترەمپ ئەنجامدا. لەو کاتەدا لە خوانێکی خێزانییدا بوون. تاوتوێی پرۆسەی هەڵبژاردن و هاریکاریی نێوان تورکیا و ئەمریکامان کرد”.
وتیشی: “سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو لێدوانی جوانی سەبارەت بە تورکیا دا. بانگهێشتمان کرد بۆ وڵاتەکەمان. هیوادارم بانگهێشتەکەمان قبوڵ بکات”.
ئەردۆغان باسی لە هاریکاریی نێوان تورکیا و ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: “ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر تاقیکردنەوە بووینەتەوە وک، پرسی فەڵەستین و قەیرانی ڕووسیا-ئۆکراینا. دەکرێت بە هاریکاریی تورکیا-ئەمریکا بەسەر ئەمانەدا سەرکەوین”.
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: “ڕاگرتنی پشتیوانی چەک لەلایەن بەڕێز ترەمپەوە بۆ ئیسرائیل سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ ڕاگرتنی شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین و لوبنان”.
ڕاشیگەیاند: “ترەمپ بەڵێنی داوە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕ و پێکدادانەی ئیسرائیل دەستی پێکردووە. ئێمە خوازیارین ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکرێت و بە ئیسرائیل بڵێت ‘ڕاوەستە’.”
وتیشی: “لەگەڵ بەڕێز ترەمپدا لە سەردمی سەرۆکایەتیی پێشتردا بەیەکەوە کارمان کرد.هەرچەندە ناو بە ناو جیاوازی بۆچوونيش هەبێت، بەڵام هاوبەشی نمونەیی تورکیا و ئەمریکا جێگەی مشتومڕ نییە”.
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرۆکایەتیی ترەمپ لە ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاوسەنگی سیاسیی و سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
ڕاشیگەیاند: “لە قۆناغی نوێدا درێژە بە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ترەمپ دەدەین و لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە چۆنیەتی داڕشتنی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەین”.
ئەردۆغان هیوای خواست ترەمپ بتوانێت دەستەبەری ئاشتیی و ئارامیی درێژخایەن بکات لە ناوچەکە و ڕایگەیاند: “هیوادارین بەڕێز ترەمپ لە سەردەمی دووهەمینیدا بتوانێت ئاشتیی و ئارامیی درێژخایەن لە ناوچەکە بەرقەرار بکات. ئێمە لەگەڵ ئاشتیی و ئارامییداین”.