موفید محەمەد نوری
کاتێک فەلەستینییەکان، بە نێوانگیری ئەمریکا لە ساڵی(١٩٩٢)دا لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلیدا کەوتنە گفتوگۆ، واژۆی تێگەیشتنی ئاشتیان لە ئۆسلۆی (پایتەختی نۆرویج)ئەنجامدا، بەمشێوەیە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەو بارودۆخە سەختەی نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلییەکاندا بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نێوانیان، ئەوا هەموو کاتێک هەلومەرجە سیاسیەکان و داواکاری خەڵک بە سەریاندا سەپاوە و لەسەرەوە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو گفتوگۆیانە هەتا ئێستا شکستیان خواردووە؛ ئەوەش ئەو ڕاستییەیە کە لە وتارەکانی پێشووترمدا ڕوونکردنەوەم بۆیداوە.
کاتێک سوپای کۆماری ئێرلەندی IRA، کە باڵی سەربازیی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی ئێرلەندییەکان بوو، دەستیان کرد بە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی بەریتانیدا، هەستان بەدانانی “راماپۆزە”[1] کەسایەتی سیاسی بەناوبانگ و سەرکردەی کۆنگرەی ئەفریقی ANC، وەکو چاودێر لەسەر چەک داماڵینی IRA . ئەوە بوو IRA چەکە قورسەکانی خۆی شکاند و کەوتە قۆناغی گفتوگۆی سیاسی و، بەوەش سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا ولە ئەنجامدا ڕێککەوتنی(هەینی پیرۆز)لە مانگی نیسانی ١٩٩٨دا مۆرکرا، کە بە ڕێککەوتننامەی بلفاست ناسراوە و، هەتا ئەمڕۆش ئامانجەکانی ئەو گفتوگۆیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و بەشدارن لە بەڕێوەچوونی حکومەتی ئێرلەندییدا.
ئەگەر حاکمی عەسکەری و سیاسی هندستان (مان باتن) لە ساڵی ١٩٤٧دا بیزانیایە کە سەرکردەی ڕزگاری نیشتیمانی پاکستان تەنها ساڵێکی ماوە لە ژیاندا، ئەوا هەرگیز سەربەخۆیی پاکستانی پەسەند نەدەکرد؛ ئەوەبوو سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٩٤٨دا، ساڵێک پێش مردنی “محەمەد عەلی جەنا” وەدەستهات و بەئامانجی خۆی گەیشت، بەمشێوەیە هێز و خۆڕاگری محەمەد عەلی جەنا وای کرد کە ئیمپریالیزمی بەریتانی چارەی نەمێنێت و چۆکی بۆدابدات. لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت کە محەمەد عەلی جەنا خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و، شارەزایی زۆر باشی لە یاسا و هەلومەرجە نێودەوڵەتییەکاندا هەبووە.
لەسەرئەو ڕاستیانەی سەرەوە و لەژێر ڕۆشنایی هەواڵی گفتوگۆی نێوان حکومەتی تورکیا و سەرکردایەتی بزاوتی ڕامیاریی باکووری کوردستان، سێ سەرچاوەهەواڵیی گرنگی ئەم بابەتە پەیوەندییان کردووە بە دەزگای ڕۆژنامەگەری ئەلمۆنیتۆر و ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە، کە گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی تورکیا و ئۆجەلاندا هەیە و تا ئێستاش بەردەوامە. “ئەمبەرین زەمان” ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز بەنگلادیشی، کە لە لەندن دەژی و پسپۆڕە لە بواری ڕۆژهەڵاتناسی و بەتایبەتیش پرسی کورداندا، دەڵێت: پێش دوو هەفتە لەمەوبەر لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیادا، “دیڤالیت باخچەلی” سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی توورکی ‘MHP’، دەستی تەوقەی بۆ ئەندامانی پارتی DEM درێژکردووە ، کە پارتێکی سەر بە کوردانی باکوورە و پشتیوانی خەباتی گەلی کورد دەکات بۆ بەدەستهێانای مافەکانی لەو بەشەی کوردوستاندا.
لەم پەیوەندەدا جێگای ئاماژە بۆکردنە کە ئەمە بۆ یەکەمینجارە باخچەلی و پارتەکەی پشتیوانی ئۆردوگان دەکەن، لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ سەرانی کوردی باکوور.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چی گۆڕاوە بۆ تورکیا؟ کە دوای نزیکەی (١٠)ساڵ دەیەوێت جارێکی تر گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە؟ زانیارییەکانی ئەم وتارە کە لە ئەلمۆنیتۆری ئەمریکییەوە وەرگیراوە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلاندا کراوە و هەمان سەرچاوە ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە عەبدولڵا ئۆجەلان پەیوەندی بە باڵی سەربازیی PKKوە کردووە، بەڵام ئەوان زۆر توند بوون لە وەرگرتنەوەی وەڵامەکان و گفتوگۆکانیان ئاسان نەبووە. هەتا ئێستا سەرچاوەکانی قەندیل لەمبارەوە هیچ شتێک ناڵێن ، بەڵام جۆرێک لە نائومێدییان پێوە دیارە و، لەسەر ئەو پەرەسەندنانە توڕە وبێزارن، هەروەها ئەو سەرچاوانە ئەوە نادرکێنن چۆن پەیوەندییەکانی ئۆجەلان و قەندیل ڕێکخراوە.
لە پەیوەند بەو زانیارییانەی سەرەوەدا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە، کە بۆچی تورکیا و حکومەتەکەی ئەردۆگان ئەم کاتەیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجەلاندا هەڵبژاردووە کە زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدا بەسەردەبات؟. سەبارەت بەم پرۆسەیەی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە پێویستە پێشچاوبخرێن، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: باخچەلی و پارتە ڕاستڕەوەکانی تورکیا کە(لە سەرەتای مانگی (١٠)ی کردنەوەی پەرلەماندا) بۆ تەوقەکردن لەگەڵ ئەندامانی پارتی DEM هاتوونەتەپێشەوە ، ئەو هەنگاوە هەڵگری ئەو پەیامەیە کە دەیانەوێت بە سەرانی کورد بڵێن، ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن بەڵام بەمەرجی کۆتایهێنان بە تیرۆر چەک داماڵین لایەنی بەرامبەر، ئەوەش بۆ ئەوەی PKK ببێتە بەرەیەک لە دژی دوژمنان، نەک بەرەیەک لە دژی دەوڵەتی تورکیا.
دووەم: ئۆردوگان لە ساڵی ٢٠٢٨دا بۆ ئەوەی بتوانێت دەستووری تورکیا بگۆڕیت پێویستی بە پشتیوانی پارتی DEM هەیە، ئەوەش بەئامانجی مسۆگەرکردنی سەرۆکایەتی ئۆردوگان بۆ جاری سێیەم لەو وڵاتەدا ؛ ئەوە بەزانین ئەوەی کە ئەو ئامانجە هیچ چارەسەرێکی سەرەکی بۆ کێشە سەرەکییەکانی تورکیا تێدا نییە، کە گرنگترینییان کێشەی کوردانی باکوورە.
سێیەم: تورکیا دەیەوێت ئەو بەشە لەبودجەی وڵاتەکەی کە بۆ تێچوونی جەنگ لەگەڵ PKK تەرخانی کردووە، بگۆڕێت بۆ بونیادنانی ژێرخانی ئابووری؛ واتە ئابووری دەوڵەتەکەی لە هەموو بەشەکانیدا لە ئابووری جەنگەوە بگۆڕێت بۆ پەرەپێدانی ئابووریی.
چوارەم: (تینک تانک)ی تورکی، یەکێکە لەو دەزگایانەی کە سەربەخۆن، هەرچەندە لە بواری یاساداناندا کاریگەرییان نییە، بەڵام باوەڕیان وایە کە ئۆردوگان وەک سەرکردەیەکی تۆتالیتاریی هاتۆتەخۆگرتن و، لەبەر ئەو مۆدێلە ئابووریەی کە ئۆردۆگان پشتیوانی دەکات بۆ تورکیا ئاستی ژیانی خەڵک لە تورکیادا هاتۆتە خوارەوە، هەرچەندە کە ئەو مۆدێلە بنەمای زانستی لە دەستداوە، هەروەها تینک تانکی تورکی باوەڕی وایە، کە دەستتێوەردانی تورکیا لە سیاسەتی ئەورووپا و دەستێوەردان لە وڵاتانی وەکو لیبیا، سوریا و ئازرباینجان، بووەتەهۆی درووستکردنی تەنگژە و کێشەی ئابوریی قووڵ بۆ تورکیا.
لێرەدا ئەو پرسیارە گرنگە دێتەپێشەوە کە بۆ دەبێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی لە باکوور بەرامبەر بە بەڵێنەکانی تورکیا هۆشیار بێت ؟
لەوەڵام بەوەدا دەڵێین کە ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زینداندایە و، لە مانگی دووی ٢٠٢٥دا دەبێت بە ٢٥ ساڵ لە بەسەربردنی تەمەنی لەکونجی زیندانەکانی تورکیادا، هەربۆیەکە ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەو سەرکردە زیندانییە لەسەر ئاستی ڕەفتاری مرۆڤایەتی بچووکترین ڕەچاوکردنی بۆ نەکراوە.
لێرەدا گرنگر ئەو لێدوانەی باخچەلی بزانرێت کە دەڵێت: “دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت و، بێتە ئەم پەرلەمانە و دەبێت بڵێت، کە کۆتایی بە تیرۆر دەهێنێت و PKK چەک دادەنێت؛ بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە تیرۆری بەرپا کردووە حکومەتی تورکیا و ئەوانەیە کە لەو پڕۆسەیەدا بەشداریان کردووە. سیلان ئەکا ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیی و ڕاوێژکاری حکومەتەکەی “تورگوت ئۆزاڵ” لە (١٩٨٩- ١٩٩٣)، یەکێکە لەو ئەندامە چالاکانەی ناو پارتی DEM، کە باوەڕی بەوەیە حکومەتی تورکیا بەپێی هەلومەرج ویستی خۆی پڕۆسێسی ئاشتی ئەنجامبدات.
هەر لەم بارەیەوە سیلان ئەکا، دەڵێت: “نەبوونی متمانە لە نێوان ئەندامانی گفتوگۆکەردا بۆتەهۆی ئەوەی لە گفتوگۆکاندا هیوامان بە سەرکەوتن کەم بێت ، بۆیە پێویستمان بە چاودێری نێودەوڵەتیی هەیە، وەکو هەموو دانوستانە جیهانییەکان دەبێت کەسایەتی ناسراوی جیهانی ئەو کارە بەڕێوەببەن”.
لە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگەدا ئۆجەلان لە نامەیەکدا دەڵێت: “توانای سیاسی و پراکتیزیم هەیە، کە بتوانم ئەم پرۆسێسە لە زەمینەی توندوتیژییەوە ببەمە زەمینەیەکی یاسایی و سیاسییەوە، بەجۆرێک کە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە”.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ترسی زۆربەی چاودێران ئەوەیە، ئەو هەڵەیەی کە(مەندێلا) لە زینداندا کردی، ئۆجەلان نەیکات. ئەوەبوو خوارووی ئەفریقا دوای ئازادبوونی مەندێلا لە خراپترین هەلومەرجی ئابووری و سیاسی خۆیدا دەرگییربوو،هەرچەندە کە مەندێلا جۆرێک لە ڕێکەوتنی لەگەڵ سەرۆکی ئەوسای ئەفریقا (کلارک) ئەنجامدا، بەڵام سوودی گەورەی بۆ خەڵکەکەی تێدا نەبوو.
خاڵێکی گنگی تری ئەم بابەتە بریتییەلەوەی کە گروپێکی ناو پارتی کرێکاران بە سیاسەتەکانی ئۆجەلان ڕازی نین و تاوانباری دەکەن بەوەی کە هەندێکجار ڕەفتاری ستالینییانە پیادە دەکات؛ ئەوە لەکاتێکدا کە بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتیمانیی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا حەز دەکەن کە ئۆجەلان وەکو چیڤارا بێت!.
لەسەر ئەوەی لەسەرەوە ڕاڤەکرا دەگەینەئەوەی کە متمانەی خەڵک بەم پرۆسێسی ئاشتییە زۆر کەمە، چونکە ئۆردوگان دەسەڵاتی ڕەهای تورکیادا هەیەو لە هەموو جارێک زیاتر دەتوانێت چی دەوێت ئەوە بکات، هەروەک چۆن بە دروستکردنی کۆمەڵێ تۆمەتی بێ بنەما توانیان “سەڵاحەدین دەمیرتاش” زیندانی بکەن. بەمشێوەیە ئەوەی ئۆردوگان دەیکات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی خۆیەتی و، لەم نەخشە ڕێگایەدا ڕاستگۆ نییە. ئەوەش بەبەڵگەی ئەوەی کە هەزاران تێکۆشەری کورد وان لە زیندانەکانی تورکیادا و، لەناو شارەکانی تورکیا و لە باشووری کوردستانیشدا تورکیا بە درۆن ئەو تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانە لەنادەبات و دەکوژێ کە ڕێگای ئاشتییانەی خەباتیان گرتۆتەبەر. لەمبارەوە و بەپێی سەنتەری ڕاوێستا لە دیاربەکر: کورد باوەڕی بەوەیە کە بەشێوازی دیموکراسییانە کێشەکانی لە باکوور چارە بکرێت، نەک بە بەشێوازی توندوتیژییانە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە ئێستاوە وەکو دەوڵەتێکی سەربازیی ڕەفتار دەکات و هیچی تر.
[1] ڕاماپۆزە: سەرکردەیەکی ناسراوی پارتی کۆنگرەی ئەفریقییە.