وەزیری تەندروستی ئاشکرای دەکات کە زیاتر لە 1500 کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و هۆکارەکەشی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆیە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەدەڤەری شارەزوور، 1560 کەس بەهۆی سکچوون و ڕشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
وتیشی: تیمەکانمان لێکۆڵینەوەیان لەوبارەوە دەست پێ کرد هەم لە نەخۆشخانەکان و هەم لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، هەروەها پشکینەکان ماوەی 24 تا 48 کاتژمێری پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی جۆری بەکتریاکە”.
سامان بەرزنجی ڕاشیگەیاند، ئەوەی لە هەڵەبجەی تازە ڕوویداوە، ئێمە بۆچوونەکانمان ڕاست دەرچوو، کە یەکێک لە هۆکارەکان، تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ بووە لەگەڵ ئاوی خواردنەوە، لە سەر ڕووباری “بێستان سوور”، کە پرۆژەی ئاوی پاک دابین دەکات.
وەزیری تەندروستی وتیشی، جێگای خۆشحاڵییە کە حاڵەتەکانی تووشبوون باری سووک و مامناوەند بووە، هیچ حاڵەتێکی قورس نەبووە، تەنیا یەک منداڵ گوستراوەتەوە سلێمانی، تووشبووەکانیش لەتەمەنە جیاوازەکان بوون و بەشی زۆریشیان چوونەتە ماڵەوە.