کاندیدێکی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جەختی دەکاتەوە لەوەی لە دەنگدانەکەدا ساختەکاری کراوە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر بە شارەزایی کراوە، بەڵگەیان نییە بۆ سەلماندنی.
بەدەل بەرواری، کاندیدی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بەداخەوە ساختەکارییەکی زۆر و بەشارەزایی کرا لەم هەڵبژاردنەدا، کەسوکارمان تەنانەت کاندید دەنگی بەخۆی داوە بەڵام بۆی حساب نەکراوە، هەموو لایەنەکان بە پارتی و هەموو لایەنەکانی تر دەیانزانی کە بەشی چەند کورسییەک دەنگ دەهێنم، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای هەڕەشە کەکەسی نزیکیش نەیدەوێرا بڵێ دەنگ دەدەم دەنگەکانیشییان بردم”.
وتیشی: “هیچ بەڵگەیەکی فەرمیمان لەبەردەست نیە بۆ ساختەکاری، تەنها ئەو بەڵگانە نەبێت کە کاندید یا کەسوکارییان دەنگیان نەماوە، بەڵام وەک ئەوەی بڵێی بەڵگەیەک کە پێشکەشی دادگای بکەی لەسەر دیزاینکردنی ئامێرەکان بەڕاستی ئەم بەڵگەیەمان نییە”.
بەرواری پێیوایە دەبوو هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یەک دەنگ بوونایە سەبارەت بە بایکۆتکردنی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە هەندێک بەهۆی ئەجێندای دەرەکی کە دەڵێ تۆ حەقت نەبێ هەندێکی تر بە هۆکاری تر نەتوانراوە یەک دەنگ بن.
سەبارەت بەوەی کە ئایا خۆی دەچێتە پەرلەمان یان نا دەڵێت: “هێشتا بڕیاری کۆتاییم نەداوە کە بچمە پەرلەمان، بەڵام ئەو کەسەی دەنگی بەمن داوە بەڕاستی سەرکێشی و ئازایەتی زۆری کردووە لەژێر ئەو هەموو هەڕەشە و فشاری دەرکردن و تەڵاق پێخواردن هێشتا هاتبێت دەنگ بە من بدات یا لایەنێکی تری ئۆپۆزسیۆن ئیتر چۆن ڕازی دەبێت سبەی دەنگەکەی بڕوات بۆ پارتی و یەکێتی”.
وتیشی: “ئەگەر هەموو لایەنەکان پێکەوە بایکۆتی پەرلەمانی کرد تا ڕۆژی سوێندخواردنی پەرلەمان ئەوا من پێش هەموویان بایکۆت دەکەم، ئەوکات پێکەوە کاریگەری زۆر دەبێت دەبێتە یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینەی بەهێز دروست ببێت و پێکەوە ساختەکاری دەسەڵات ڕەتبکەنەوە، بەڵام ئەگەر هەڵوێست ئەمە بکات دوای مانگێک ئەم هەڵوێستە لەبیری خەڵک دەچێتەوە چونکە ئەمە خاوەن میدیایەکی بەهێز نین جگە لە یەک-دوو پەیجی فەیسبووک”.
بەدەل بەرواری ڕاشیگەیاند: “بایکۆتی پەرلەمان لە قازانجی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێییە، کورسی و دەنگەکانمان دەچن بۆ ئەوان، لە زیانی ئەو خەڵکەشە کە لەژێر فشار و هەڕەشەدا سەرکێشی بە ژیان و قوتی خۆی کردووە دەنگی بەئێمە داوە”.