پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییەی کە بە شێوەیەکی خراپ ریکلامی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دەکرد، دەستگیرکراوە و سۆشیال میدیاش بووەتە بەڵا بۆ کۆمەڵگە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، دەربارەی ئەو هاووڵاتییەی وتبووی “هەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بکڕێت ژنەکەی دەمرێت” ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بە شێوەیەکی خراپ ڕیکلامی بۆ ئۆتۆمبێلەکەی کردووە بۆیە لە ڕێی داواکاری گشتییەوە کەیسێک لە دژی جوڵێندراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە هاووڵاتییەکە بە پێی یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیرکراوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەشیدا بەوەی “سۆشیال میدیا بووەتە مینبەرێکی زۆر خراپ و بەڵا” و ئەو کەسەش ڕایگەیاندووە کە بۆ زیادکردنی ژمارەی بینەری تیکتۆکەوە ئەو قسەیەی کردووە.
ڕاشیگەیاند قسەکانی ئەو کەسە پەیوەندی بە ناوبانگی هەولێر و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵهەوە هەبووە، بۆیە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.