سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان ڕایگەیاند؛ نزیکەی شەش مانگە مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی عێراق ناڕوات، کە بەو هۆیەوە دەیان ملیار دینار زیانیان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و گەرمیان ڕایگەیاند: “نزیکەی شەش مانگە کێشەی ناردنی مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق هەیە و ناهێڵن بەرهەمەکانمان ساغ بکەینەوە.
ڕاشیگەیاند؛ قسەیان لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و دەڵێن: حکومەتی عێراق داوادەکات پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیان ڕادەست بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بێت.
ئەوەشی خستەڕوو “کێشەی هاوردەکردنی بڕێکی زۆر مریشکی بەستوو هۆکارە بۆ ئەو کێشەیە و وایکردووە حکومەتی عێراق بەرهەمی مریشکی زیندووی ئێمە وەرنەگرێت.”
ئاماژەی بەوەشکرد” لەوەتەی حکومەتی عێراق رێگری لە هەناردەکردنی مریشک بۆ شارەکانی ناوەراست و خواروو دەکات، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان 80 ملیار دینار زیانیان بەر کەوتووە”.